فیدیو شاکاریکی بی هاوتا

شاکاریکی بی هاوتا

(لە سەر لێواری هەتاهەتایی)

نووسەر: محەممەد فەتاحی
کۆتایی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٤

 

کێوەکانی بێ بەزەیی:

لە ناو کێوەکانی بێ بەزەیی، ئەو شوێنەی کە بایە سەختەکان وەک خەنجەر بە سەر بەردەکاندا دەکەون و دۆڵە قووڵەکان وەک دەمی ڕەشی مردن، چاوەڕوانی یەک هەڵەیەکی بچووکن، دایکێک لە جەوهەری شەجاعەت دەردەکەوێت ، بزنه کێوی ئەڵپی، بە شاخە قەوسدارەکەی وەک تاجی شاھانە و چاوێک کە قووڵایی مەترسییەکە پێوانە دەکات.منداڵە بچووکەکەی، هێشتا لەرزۆکی و بێتوانا، لەسەر پشتی سوارە؛ نە لە سەر یاری، بەڵکو لە سەر پێویستی مانەوە. یەک پڕین هەڵە، هەردووکیان دەکەونە قووڵایی لێوارەکە ، هەزاران مەتر خوارتر، ئەو شوێنەی کە تەنانەت بایش جورئەتی فڕینی نییە و دەنگی بەردەوامی با، دڵان دەلەرزێنێت و دڵی بینەر دەوەستێت… دڵەڕاوکێ وەک خەنجەرێک لە سینگدا دەچێتە خوار.

 

 

پڕین:

دایک پاش دەکێشێتەوە، یەک جار، دوو جار، سێ جار… ماسوولکەکانی کێش دەبن، هەناسەی قووڵتر دەبێت، و لەناکاو ، بە پڕینێک کە وەک ئەوەی کات وەستاندبێت ، بۆ ئاسمان دەفڕێت. لەشەکەی لە بۆشایی ئاسماندا هەڵواسراوە، پێیەکانی لە گەڕان بەدوای بەردی داهاتوودا، و منداڵەکە هێشتا بە توندی پەیوەندی کردووە… چرکەساتێک کە هەتاهەتایی دەردەکەون، پڕ لە ترسی بێدەنگ، پڕ لە دڵەڕاوکێیەک کە هەناسە دەبڕێت.

و پاشان… دانیشتن. ورد، بێکەموکوڕی، بەهێز. لەسەر بەرزی داهاتوو، شوێنێکی ئارامتر، شوێنێک کە ژیان بەردەوام دەبێت.

پڕین:

ئەم پڕینە، تەنها جووڵەیەک نییە ، شیعرێکە لە هەوڵی بێوچان، لە مەترسی ڕاستەقینە، لە هێزێک کە سروشت لە لەشێکی بچووک بەڵام گەورەی دایکێکدا شاردووەتەوە

سەیرکردنی چاوی مردن:

ئێمەی مرۆڤ، بە هەموو ئامراز و تەکنۆلۆژیاکەمان، هەندەجار لە بەرامبەر بچووکترین بەربەستدا دەلەرزین، بەڵام ئەم دایکە، جاروجار، بەبێ گەردنکەوتن، بەبێ ناڵین، پڕین دەکات ، چونکە دەزانێت هەوڵ واتە بەردەوامبوون تەنانەت کاتێک ترس هاوار دەکات “ناتوانیت”، مەترسی واتە سەیرکردنی چاوی مردن و فڕین بەرەو ژیان، و هێزی لەش واتە ئامرازێک بۆ خۆشەویستی، نە بۆ خۆنمایشکردن.

سەحنەی بێهەناسە:

ئەم سەحنەیە، ئەم پڕینە بێهەناسەیە، درسێکی گەورەیە بۆ ئێمە: ژیان لەسەر لێواری لێوارەکان دەڕوات، و تەنها بە هەوڵی بەردەوام، بە شەجاعەتی بێدەنگ، و بە هەڵگرتنی بارەکەی بەرپرسیارێتی لەسەر شان، دەتوانین لە تاریکی دۆڵەکان تێپەڕین و بگەینە لوتکەکانی ڕووناکی.

شاکاریکی دروستکراوه

نە تەنها لە جوانیدا کێوەکان

بەڵکو لە دڵی دایکێکدا کە بۆ منداڵەکەی

ئاسمان دەشکێنێت

سوپاسگوزاری:

بە شانازییەکی تەواو و لە دڵەوە، لە هاوڕێی بەڕێزم جەنابی دکتۆر ئەخلاقی خۆشەویست  کە بە بڵاوکردنەوەی ئەم کلیپە بێهەناسەیە، قەڵەمەکەمیان بە جووڵە هێنا و دڵمیان سەرسام کرد بە شاکاریکی دروستکراوه، بە بێ هاوتا سوپاسگوزارم. ئەم دیارییە بەنرخەتان نەک تەنها شاهکارێک بوو لە جوانیدا سروشت، بەڵکو شرۆڤەیەک بوو بۆ بیرکردنەوە لە سەرسامییەکانی ئافراندن و درسە قووڵەکانی ژیان.هیوادارم ئەم سوپاسگوزارییە بچووکە، شایستەی لطفی گەورەتان بێت و ببێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی لە داهاتووشدا گەنجینەی زیاتری ناب لەم کاتە ئیلهامبەخشانە پێشکەش بکەن. هەمیشە چاوەڕوانی دیارییە گرانبەهاکەتانین، مامۆستای بەڕێز